٢٠ ڕێکخرا داوا دەکەن ئاسمانی شەنگال بە رووی فڕۆکەکانی تورکیادا قەدەغە بکرێت

ڕاگەیندراوێکی هاوبەش لەلایەن ٢٠ ڕێکخراوی مەدەنی لە دژی بۆردومانەکانی سەر شەنگال ئاراستەی حکەمەتی عێراق، نەتەوە یەکگرتوەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکان کرا و داوایان لە عێراق کرد کە قەدەغەی فڕین بەسەر ئاسمانی شەنگال ڕابگەیەنێت.  

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە بەردەوامیی بۆردومانە یەک لەسەر یەکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کراوە کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەکرێتە سەر شەنگال، کە هەموو جارێک دەبێتە هۆی زیانی گیانی و مادی لە ناوچەکە.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە ئیدانە و سەرکونەی ئەو هێرشانە دەکەن و نایانەوێت ڕوداوەکانی ساڵی ٢٠١٤ دوبارە ببێتەوە، کە بە دەستی داعش ٧٠٠٠ ژن و منداڵیان ڕفێندرا و تاکو ئێستاش ژمارەیەکی زۆری لە زیندانەکانی داعشدان.

هەروەها باسیان لەوە کردوە، کە دەوڵەتی تورکیا بە هۆی باوەڕی ئێزدیەکانەوە لە کۆنەوە بەردەوام هێرشیان دەکاتەسەر و وەک دەبینن لە ڕۆژهەڵاتی باکوری سوریا چۆن خەڵکی گوندە ئێزدیەکان کۆمەڵکوژ دەکات، دەوڵەتی تورکیا خەڵکی گوندەکان دەکوژێت و کێڵگەکانیان دەسوتێنێت، کچەکانیان دەڕفێنێت و دەیانفرۆشێت.

 هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هۆکاری ئەوەی کە خەڵکی شەنگال تاکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شەنگال، بەردەوامی ئەو هێرشانەیە کە دەکرێتە سەریان و ترسی دوبارە کۆمەڵکوژ کردنیانە.

 لەبەر ئەو هۆکارانە داوا دەکەن کە حکومەتی عێراق نەهێڵێت تورکیا بە ئارەزوی خۆی فڕۆکەی جەنگی بنێرێتە سەر شەنگال و بۆردومانی بکات، هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکە داوا دەکەن حکومەتی عێراق قەدەغەی فڕین بە تایبەت بەسەر ئاسمانی شەنگال دا ڕابگەیەنێت.

لە کۆتاییدا داوایان لە ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکان کرد کە ڕێگە نەدەن تورکیا جارێکی دیکە ئێزدیەکان کۆمەڵکوژ بکات، ئەوەی بەسەر گەلی ئێزدی هات لە عەفرین، لە شەنگال دوبارە نەبێتەوە و جارێکی تر گەلی ئێزدی کۆمەڵکوژ نەکرێت.

ئەو ڕێکخراوانەی ڕاگەیەندنەکەیان بڵاو کردوەتەوە:

  • ڕێکخراوی پشتیوانی ژنی ئێزدی
  • یەکگرتوی ژنانی کەمینە لە عێراق
  • ڕێکخراوی هاوڕێ بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگا
  • سەنتەری بونیادنان بۆ هەڵگرتنی توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان
  • تۆڕی ژنانی عێراق
  • ڕێکخراوی ژنانی عەرەبی و عێراقی
  • ڕێکخراوی هەوراس
  • ڕێکخراوی (سنابل)ی ئایندە
  • ڕێکخراوی ڕۆڵەکانی مرۆڤایەتی شەنگال
  • ناوەندی ڕۆشنبیری شەنگال
  • ڕێکخراوی پردی گەنجان
  • ڕێکخراوی TRT بۆ پەروەردە کردن و زانست
  • ڕێکخراوی سەن ڕایز
  • ڕێکخرای نابوو
  • ڕێکخراوی جیلان
  • ڕێکخراوی ئێزدی سۆتیق
  • ڕێکخراوی ئێزیدخانی خێرخوازی
  • ڕێکخراوی کەم ئەندامانی ئێزدی
  • ڕێکخراوی ژنانی عێراق
  • ڕێکخراوی دارین

ژ.ت